Saturday, June 11, 2016

وێنە و ڤیدیۆ: لەدوای نەمانی مرۆڤ چی بەسەر زەویدا دێت؟


با  کەمێک بچینە جیهانی خەیاڵی زانستی و بیر لەوە بکەینەوە، چی بەسەر زەویدا ڕوودەدات ئەگەر بێت و بە یەکجاری مرۆڤ لەسەر زەوی نەمێنێت؟.

وەڵامی ئەم پرسیارەش لەلایەن زانایان و ئەندازیاران و چەندانی ترەوە  لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا  دراوەتەوە، بە ناونیشانی "LIFE AFTER PEOPLE".

وەک لە ڤیدیۆکەدا ڕوندەکرێتەوە، دوای چەند خولەکێک لە  دیارنەمانی مرۆڤ لەسەر زەوی، زۆرێک لە ڕوناکیەکانی سەرتاسەری جیهان دەکوژێتەوە چونکە زۆرێک لە وێستگەکانی وزە لە کارکردن دەوەستن و چیتر وزە بەرهەم ناهێنرێت، تەنها ئەو وێستگانە نەبێت کە لە بە ئاو، وزە دروست دەکەن لە کارکردن بەردەوام دەبن.

دوای دوو یان سێ ڕۆژ لە نەمانی مرۆڤ، سەرجەم تۆڕەکانی میترۆ و تۆونێڵەکان پڕدەبن لە ئاوی زریانەکان، دوای 10 ڕۆژیش، سەرجەم ئاژەڵە ماڵیەکان و مانگا و مریشکەکان لەبرسا دەمرن، سەگەکانیش دەست دەکەن بە ڕاوکردنی ئاژەڵانی بێهێزتر لە خۆیان و لەوانەشە لە برسا سەگە بچوکەکان ڕاو بکەن.

دوای نزیکەی مانگێک، ئاوی نێو ساردکەرەوەکانی وێستگەکانی وزەی ئه‌تۆمى دەبنەهەڵم و بەو هۆیەشەوە، چەندین کارەساتی گەورە لە جیهاندا ڕوودەدەن کە لە کارەساتەکانی "هێرۆشیما" و "تشیرنوبل"، گەورەتر دەبن، لە ئاکامدا ئاژەڵانێکی زۆر بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم زەوی دەگەڕێتەوە دۆخەکەی خۆی و لە تیشکە ئه‌تۆمییه‌كان ڕزگاری دەبێت.

دوای ساڵێک، مانگە دەستکردەکان لە ئاسمانەوە دەکەونە خوارەوە بۆ سەر زەوی، دوای نزیکەی پێنج ساڵ، ڕوەک زۆرینەی گۆی زەوی دادەپۆشێت، هاوکات هەندێک شاری وەک دوبی و لاسڤێگاس بە لم دادەپۆشرێن.

دوای 300 ساڵیش بەهۆی ڕزین و نەبوونی خزمەتگوزاری و چاکردنیانەوە، زۆربەی بورج و پردەکانی جیهان دەڕمێن و شوێنەواریان نامێنێت.

دوای 10 مەلاین ساڵ لە نەمانی مرۆڤ، تەنها نیشانە و ئاماژەیەک بۆ بوونی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی ئەو پەیکەر و بینایانە دەبێت کە بەبەرد دروست کراون وەک هەڕەمەکانی میسر و شورای چین و شاخی "راشمور".

و: محەمەد نەجمەدین







 
Previous Post
Next Post

0 comments: